کەمەندام‌بوونی دوو کۆڵبەرێکی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنوورەکانی کوردستان

هەنگاو: دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بانە و پیرانشار لە دوو ڕووداوی جیادا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونە قوربانی.

٢٤ بانەمەڕ ٢٧١٨، ٢٢:٤٠

 

هەنگاو: دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بانە و پیرانشار لە دوو ڕووداوی جیادا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونە قوربانی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی ''بیاندەرە''ی سەربە شارستانی بانە، ڕۆژی یەک شەممە ڕیکەوتی (٢٣ی بانەمەڕی ٢٧١٨/ ١٣ی مەی ٢٠١٨)، بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەست دا.

‌هەواڵنێری هەنگاو لە شاری بانە ڕایگەیاند ئەو هاووڵاتییە ناوی “یادگار کەریمیان” کوڕی عەبدوڵڵا و تەمەن ٣٠ ساڵ بووە کە بەهۆی تەقینی مینە چێنراوەکانی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لاقێکی لە دەست داوە.

 ئەو ڕووداوە کاتژمێر ٣ی نێوەشەوی شەوی ڕابردوو لەکاتیکدا کە یادگار  لە سنووری نیروان سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، هاتووەتە ئاراوە کە ناوبراو دواتر ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە کراوە.

لە لایەکی دیکەشەوە هەر ئەو شەوە لە سنووری پیرانشار، مینێک کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی ڕەحمان ڕەسووڵی‌ئازەر کۆڕی خالید، خەڵکی گوندی گولاوە سەربە شارستانی پیرانشار، تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا لاقێکی ئەو هاووڵاتییەش پەڕیوە.

ڕەحمان ڕەسووڵی ئازەر لە ڕیگەی ''دەستاڕە''ی نزیک لە سنووی پیڕانشار تووشی ئەو کارەساتە بووە و بەپەلە ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە