کەژاڵ نەسری هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە

هەنگاو: دوای سێ حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی لە سنە، ئەو چالاکە هێشتە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.

١٠ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٧:٠٦

 

هەنگاو: دوای سێ حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی لە سنە، ئەو چالاکە هێشتە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی سێ حەوتوو لە دەستبەسەر کرانی کەژال نەسری تەمەن ٢٦ سال و خەڵکی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە،  ناوبراو هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی نەسری، کەژاڵ لە ڕۆژانی ڕابردوودا یەکجار و ئەویش لە ڕێگای پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونییەوە پەیوەندی بە بنەماڵەکەی کردووە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، بنەماڵەی کەژاڵ نەسری لە ماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەی کردووە و هەتا ئێستا نە توانیوە چاویان بە ناوبراو بکەوێت و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەش بووە.

کەژاڵ نەسری چالاکی مەدەنی وفەرهەنگی دانیشتووی گوندی تەنگیسەری سنە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١٢ی دێسامبری ٢٠٢١( لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر کرا.

هەتا ئێستا لە سەر هۆکاری دەستەبسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ کەژاڵ نەسری هیچ زانیارییەک لە بەر دەست نییە و ئەمەش بووەتە هۆی دڵ نیگەرانی بنەماڵەکەی.

شایانی باسە بەهاری ئەمساڵ کەژاڵ نەسری بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپێچینەوەی لەگەڵ کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە