گوشار بۆ سەربەندکراوانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە دوای میدیایی بوونی هەواڵی هەوڵی خۆکوشتنی سوعدا خەدیرزادە و زارا سدیقی هەمەدانی

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەکان بە هاوکاری بەرپرسانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئەو بەندەیان پشکنیوە و ئامێری بیستنی دەنگیان لە ناوە

٢١ خەرمانان ٢٧٢٢، ٢٢:٢٢


هەنگاو: دووشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٢

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەکان بە هاوکاری بەرپرسانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئەو بەندەیان پشکنیوە و ئامێری بیستنی دەنگیان لە ناوە تەلەفۆنەکانی ئەو بەندە داناوە کە ئەمەش ناڕەزایەتیی بەشێک لە بەندکراوانی لێ کەوتووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوایی میدیایی بوونی هەواڵی هەوڵی خۆکوشتنی سوعدا خەدیرزادە و زارا سدیقی هەمەدانی دوو بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، بەرپرسانی بەندیخانە ئامێری بیستنی دەنگیان بۆ تەلەفۆنەکانی ئەو بەندە داناوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: ئەو کردەوەی بەرپرسانی بەندیخانە ناڕەزایەتی بەندکراوانی لێکردووە و تەنانەت ژمارەیەک لە بەندکراوان ڕایانگەیاندووە کە هەتا ئەو دۆخە بەردەوام بێت لەگەڵ بنەماڵەکانیان قسە ناکەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی دۆزینەوەی ئامێری پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی بەندیخانە بەندی ژنانیان پشکنیوە و تەنانەت بە ڕووتی پشکنینیان بۆ هەندێک لە بەندکراوەکان کردووە.

هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە و سووکایەتی پێکردن بە بەندکراوان، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی زارا سدیقی هەمەدانی و ئیلهام چووبدار دەردەبڕێت و خوازیاری دەستتێوەردانی ناوەندە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤییەکان وەکوو ناوەندی پارێزەرانی دادگوستەرییە بۆ پێ ڕاگەیشتنی خێرا و بەپەلە سەبارەت بە دۆسیەی ناڕوونی ئەم دوو کەسە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە