گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

هەنگاو: دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی بارمتەی یەکێک لە ئەندامانی دەس

١١ ڕەشەمە ٢٧٢٠، ٠٨:٥١

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی بارمتەی یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی هەنگاو، گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکەی.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی سزاکانی دەزگای دادی مهاباد، دەستی بەسەر بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنیی کاوە حەسەنپوور، ڕۆژنامەڤان و چالاکی مافی مرۆڤ و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی هەنگاودا گرتووە.

هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی بارمتەکەی کاوە حەسەنپوور، دەزگا ئەمنییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکەی ئەو چالاکە بە شێوەیەک کە باوکی ناوبراو بە ناوی "عەلی" کە تەمەنی ٦٦ ساڵە چەندین جار بۆ دەزگا ئەمنییەکان بانگ کراوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە.

دەستبەسەردا گرتنی بارمتەکەی کاوە حەسەنپوور لە کاتێکدایە کە ناوبراو ١١ ساڵ لەمەوبەر بە هۆی گوشاری دەزگا ئەمنییەکانەوە زێدی خۆی جێ هێشتووە و ئێستا دانیشتووی نۆروێژە.

کاوە حەسەنپوور ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٠٩ (٦ی دێسامبەری ٢٠٠٩) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای مهابادەوە لەو شارە دەستبەسەر کرا و پاش ٢٧ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی سپا و ئەشکەنجەکرانی، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی مهاباد و لە کۆتایی ڕەشەممەی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە هاتە دەرەوە.

ناوبراو لە بەهاری ساڵی ٢٧١٠  (٢٠١٠) لە لایەن دادگای شۆڕشی مهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر خودایاری بە تۆمەتی "ئەندام بوون لە حزبێکی کوردستانیی دژبەری حکوومەت" سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیاد کرا.

کاوە حەسەنپوور سەرئەنجام ساڵی ٢٠١٠ و بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بە ناچار زێدەکەی جێهێشت. ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی هەنگاو، پێش دەرچوون لە ئێرانیش چالاکییەکانی لە بواری مافی مرۆڤدا چالاک بوو و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی هونەری و ژینگەیی هەتاو لە شاری نەغەدە بووە.

شیاو ئاماژەپێدانە کە ئەندامانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەموو کات بە هۆی ڕووماڵ کردنی پێشێل کرانی ،مافی مرۆڤ لە کوردستان دەکەونە بەر هەڕەشە و بنەماڵەکانیان لە ناوخۆی ئێران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تووشی ئازار و هەڕەشە دەبنەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە