گوڵاڵە مورادی ٧ مانگە چارەنووسی ناڕوونە و لەبەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە

هەنگاو: دوای زیاتر لە ٧ مانگ لە دەستبەسەر کرانی گوڵاڵە مورادی خەڵکی پیرانشار ناوبراو هێشتا دەستبەسەره و

٦ سەرماوەز ٢٧٢١، ١٣:١٥

 

هەنگاو: دوای زیاتر لە ٧ مانگ لە دەستبەسەر کرانی گوڵاڵە مورادی خەڵکی پیرانشار ناوبراو هێشتا دەستبەسەره و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای زیاتر لە ٧  مانگ لە دەستبەسەر کرانی گوڵاڵە مورادی، ناوبراو هێشتا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش.

هەنگاو پێشتر بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیەوە  ڕایگەیاندبوو کە،  گوڵاڵە مورادی لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان و ئەشکەنجە و ئازار دراوە و هەڕەشەیان لێکردووە کە ئەگەر دان بەو شتانەی کە ئەوان دەیانهەوێت دەنێت، ئەوا دوو کوڕەکەی کە پێشتر لەگەڵ خۆی دەستبەسەر کرابوون بەرەوڕووی سزای قورس دەبنەوە.

گوڵاڵە مورادی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (١٧ی ئاوریلی ٢٠٢١) دوای کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی کادری سپای پاسداران لە پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوزرایەوە و دوای ٣٥ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە دوو کوڕی گوڵالە مورادی بە ناوەکانی تاهیر بەزازی (زاوای عوسمان) و مەتزین بەزازی تەمەن ١٤ ساڵ هەر لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کرابوون کە پاش ماوەیەک ئازاد کران.

عوسمان حاجی حوسێنی شەوی هەینی ٢٧ی خاکەلیوە (١٦ی ئاوریل) لە جاددەی زیوەیە کوژراو پاش چەند کاتژمێر گرووپی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیارێتی کوشتنی ئەو ئەندامەی سپای پاسدارانیان بە ئەستۆ گرت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە