گۆڕینی زۆرەملێی شوێنی خزمەتی یەکێکی لە چالاکانی پیشەیی و مامۆستایانی شاری سنە

لوقمان ئەفزەلی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان_ لقی سنە و کەڵاتەرزان لەلایەن لیژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی پا

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٢:٥٥


هەنگاو: پێنجشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

لوقمان ئەفزەلی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان_ لقی سنە و کەڵاتەرزان لەلایەن لیژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی پارێزگای سنە سزای دوورخرانەوەی زۆرملێ و گۆڕینی شوێنی خزمەتی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە شاری ئەردەبیل بەسەردا سەپا.

ئەم چالاکە پیشەییە لەلایەن لیژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی پارێزگای سنە بە چەندین تۆمەتی وەکوو؛ بێڕێزی و سووکایەتی بە بنەماکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی، بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی هێماگەلێک کە باس لە دیکتاتۆری لە کۆماری ئیسلامیدا دەکات و تێکدانی بیروڕای گشتی لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بابەت لە شوێنی نیشتەجێ بوون و هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سزای دوورخرانەوەی دوو ساڵ بۆ شاری ئەردەبێل بە سەریدا سەپاوە.

جێگای ئاماژەیە کە لوقمان ئەفزەلی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٢٧ی فێبریوەری ٢٠٢٢) و بەپێی نامەیەکی فەرمی کە بۆی چووبوو، بانگ کرایە لیژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی پارێزگای سنە.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەم سزایە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژ بە فەرمی بە لوقمان ئەفزەلی ڕاگەیەندراوە و ئەم سزایە دەکرێت تانەی لێ بدرێت و بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە