گیان لەدەستدانی کچێکی ١٦ ساڵە لە درێژەی ڕاپەڕینی شاری سنە

ڕۆژی ڕابردوو کچە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی سنە بەناوی سارینا ساعدی، دوای یەک ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی س.

٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٣:٠١


هەنگاو: هەینی ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

ڕۆژی ڕابردوو کچە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی سنە بەناوی سارینا ساعیدی، دوای یەک ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سارینا ساعیدی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک شەوی چوارشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە گەڕەکی نایسەر کەوتووەتە بەر هێرشی توندی هێزە حکومەتییەکان و بەهۆی لێدانی توندی باتۆم لەسەری لەلایەن ئەو هێزانەوە سارینا بە سەختی بریندار و تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە.

سارینا ساعیدی بەهۆی ئەو لێدانانەی کە بەر سەری کەوتوون ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی خەزەڵوەر لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە گیانی لەدەستداوە. لە ژێر گوشاری توندی ناوەندە ئەمنییەکان لە شەوی هەمان ڕۆژ ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی ئەو کچە بەڕێوەچووە.

بەوتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ساعیدی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی سارینا ساعدی لە کەشێکی تەواو ئەمنییەتیدا و بە ئامادەبوونی کەمتر لە ١٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بەڕێوەچووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت لە درێژەدا ڕایگەیاند: "ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ساعیدی کردووە، کە دەبێت هۆکاری مردنی کچەکەیان بە خۆکوشتن ڕابگەیێنن".
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە