گیانلەدەستدانی بریندارێکی ناڕەزایەتییەکانی ٢٠ی ڕەزبەری کرماشان

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو بە ناوی ڕامین کەرەمی تەمەن٣٠ ساڵ، کە لە کاتی ناڕەزایییەکانی کرماشان بە سەختی بریندار بووبوو، دوای چەند ڕۆژ مانەوەی ل

٣٠ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ٠٩:٢٥


هەنگاو: شەممە، ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢


هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو بە ناوی ڕامین کەرەمی تەمەن٣٠ ساڵ، کە لە کاتی ناڕەزایییەکانی کرماشان بە سەختی بریندار بووبوو، دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی دژواری برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) ناوەندە ئەمنییەکان بنەماڵەی ڕامین کەرەمییان ئاگادار کردووەتەوە، کە بڕۆن تەرمی کوڕەکەیان لە شاری کرماشان وەربگرنەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کەرەمی بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی کەرەمییان وتووە کە کوڕەکەتان ئێوارەی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا گولەی بەرکەوتووە و دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە".


ئەم سەرچاوە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی کەرەمی کردووە و پێیان وتوون، کە لە ئەگەری ڕاگەیاندنی هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بە بەرکەوتنی گولە و میدیایی کردنەوەی ئەم هەواڵە، ئەوا بە بڕی ٧٠٠ ملیۆن تمەن سزا دەدرێن. هەروەها دوای وەرگرتنی بەڵێنی نووسراو لە بنەماڵەی ڕامین کە هۆکاری مردنی کوڕەکەیان بە جەڵتەی دڵ ڕابگەیێنن تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووە.


یەکێکی تر لە نزیکانی بنەماڵەی کەرەمی هەر لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕایگەیاند: "ئێمە تەنیا دەزانین کە ڕامین ڕۆژی چوارشەممە ون بوو و هیچ هەواڵێکمان لەو نەبووە. ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش نەیانوتووە کە لە کام شەقام بریندار بووە، چەند ڕۆژ لە نەخۆشخانە ماوەتەوە یاخود لە کام نەخۆشخانە خەوێندراوە".


شیاوی ئاماژە پێدانە کە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەزبەر ڕێوڕەسمی ئەسپردەکردنی ڕامین کەرەمی لە گۆڕستانی کەل داوودی سەرپێڵی زەهاو بەڕێوەچووە. چەند کەس لە هێزە ئەمنییەکان لەو گۆڕستانە ئامادە بوون و فیلمیان لە بەشداربوانی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراو هەڵگرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە