٤ی ئەپریلی ٢٠٢٢/ ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو لە سەر قوربانیانی مین لە کوردستان

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە بەرەبەری ٤ی ئەپریل ڕۆژی جیهانیی وشیارکردنەوە و ئاگادار کردنەوە بە نیسبەت مەترسییەکانی

١٤ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ٢٠:٥٣

 

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە بەرەبەری ٤ی ئەپریل ڕۆژی جیهانیی وشیارکردنەوە و ئاگادار کردنەوە بە نیسبەت مەترسییەکانی مین و بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی زیاتری زەوییە مین ڕێژ کراوەکان و هەروەها قوربانیانی ئەم چەکە شاراوە لە کوردستان، ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر قوربانیانی ساڵی ڕابردووی مین لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە کە بەپێی ڕاپۆرتەکە ڕێژەی قوربانی بوونی ژنان و منداڵان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٥٠٠٪ زیادی کردووە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لە ساڵی ٢٧٢١ی کوردی لانی کەم ٥٠ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە سوپای پاسداران لەم دوایییانەدا چاندوویەتی بوونەتە قوربانی کە ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ١٢ حاڵەت واتە ٣٢٪ بەرزبوونەوەی بە خۆی بینیوە.

لە کۆی ئەو ٥٠ کەسەی کە بوونەتە قوربانی ١٢ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٣٨ کەسیش بریندار و کەم ئەندام بوون. ساڵی پێشتر ١٠ هاووڵاتی بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لە دەست دابوو و ٢٨ کەسیش بریندار بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ساڵی ڕابردوو ٨ منداڵ و مێرمنداڵ لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی. کوڕێکی ١٠ ساڵە لە سنووری دێهلۆڕان کوژراوە و ٧ منداڵ و مێرمنداڵ لە سنوورەکانی مێهران (٥ حاڵەت)، بانە و قەسری شیرین هەر کامەیان یەک حاڵەت بوونەتە قوربانی.

هەروەها لانی کەم ٤ ژن بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی کە لە شاری قەسری شیرین ٢ حاڵەت و لە شارەکانی سوومار و دێهلۆڕانیش هەر کامەیان یەک حاڵەت تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو ساڵی ٢٧٢١ لانی کەم ١٢ ژن و منداڵ بوونەتە قوربانی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٧٢٠ کە ٢ حاڵەت تۆمار کرابوو ٥٠٠٪ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان
لە ساڵی ڕابردوودا زیاترین قوربانییەکانی مین لە سنووری پارێزگای ئیلام تۆمار کراوە کە ١٩ حاڵەت بووە تۆمار کراوە.
پارێزگای سنە: ١٠ حاڵەت کە بریتییە لە ٤ کوژراو و ٦ بریندار
پارێزگای ئیلام: ١٩ حاڵەت کە بریتییە لە ٤ کوژراو و ١٥ بریندار
پارێزگای ئورمیە: ٦ حاڵەت کە بریتییە لە ٦ بریندار
پارێزگای کرماشان: ١٥ حاڵەت کە بریتییە لە ٤ کوژراو و ١١ بریندار

جیاکردنەوە بە پێی توێژی کۆمەڵایەتی
زیاترین قوربانیانی مین لە کوردستاندا لە ماوەی ساڵی ٢٧٢١ لە توێژی کرێکار بوون کە لەو ماوەیەدا ٣٨ کۆڵبەر، شۆفێر، شوان و کرێکار بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی.
کرێکار، کۆڵبەر، جووتیار: ٣٨ حاڵەت (٩ کوژراو و ٢٩ بریندار)
سەربازی: ٦ حاڵەت: (٣ کوژراو و ٣ بریندار)
مەدەنی: ٦ حاڵەت (٦ بریندار)


کۆنوانسیۆنی ١٩٩٧ی ئۆتاوا لەم بارەوە دەوڵەتەکان ناچار دەکات بە خۆ بواردن لە بەرهەمهێنان، کۆکردنەوە و گواستنەوەی مینی دژە نەفەر کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی زۆری قوربانیی مین، تا ئێستا ئەم کنوانسیۆنەی واژۆ نەکردووە.


ژمارەی مینە چێندراوەکان بە پێی ئامارە جۆراوجۆرەکان لە پێنج پارێزگای هاوسنوور لەگەڵ عێراق کە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمیە) کوردستان، کرماشان، ئیلام و خووزستان لە خۆ دەگرێت، لە نێوان ١٦ تا زیاتر لە ٢٠ ملیۆن مەزەندە کراوە کە لە ڕووبەری نزیکەی چوار ملیۆن و دووسەد هەزار دۆنمدا چێندراون. زۆربەی ئەو مینانە لە کوردستان (شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) چێندراون کە بە شێوەی نێوەنجی بۆ هەر هاووڵاتییەکی کورد دوو مین هەیە.


بێجگە لەو مینانەی کە بە هۆی شەڕی ئێران_عێراقەوە چێندراون، بە پێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو دەرکەوتووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە بیانووی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری، لە سنوورەکاندا مینی نوێی چاندووە. ئاماری ڕوو لە زیادبوونی قوربانییەکانی مین لە پارێزگای کوردستان و ئورمیە، لە ئاکامی ئەو سیاسەتە ئەمنییەتییەی کۆماری ئیسلامییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە