ئیتلاعاتی ئورمیە تێکهەڵچوونەکەی جاددەی میاندواو بۆکانی پشتڕاست کردەوە

هەنگاو: دوای سی ڕۆژ لە تێکهەڵچوونەکەی جاددەی میاندواو ئورمیە، ئیتلاعاتی ئورمیە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک کوژرانی چەند سەرنشینی ئۆتۆمبێلێکی .

٢٤ پووشپەڕ ٢٧١٨، ٢٠:٤١

 

هەنگاو: دوای سی ڕۆژ لە تێکهەڵچوونەکەی جاددەی میاندواو ئورمیە، ئیتلاعاتی ئورمیە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک کوژرانی چەند سەرنشینی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پرایدی پشتڕاست کردەوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاندووە کە، هێزەکانی ئەوان لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا ” دوو تیمی تیرۆریستی چەکداریان بە هاوکاری هێزەکانی بنکەی سەیدوشوهەدا لەناو بردووە“.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە دوو کەس کوژراون و چەند کەسیش دەستبەسەر کراون.

 پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە شەوی پێنج شەممە (٢١ی پووشپەڕی ٢٧١٨ / ١٢ی ژوئیەی ٢٠١٨)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پراید کردووە و لەئەنجامدا سێ کەس لە سەرنشینەکانی پرایدەکە گیانیان لە دەست داوە.

ناسنامەی یەکێک لەو کەسانەی کە بە هۆی دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی ئیتلاعات گیانی لە دەست داوە ”هەژار ڕەزایی“ کوڕی ئیسماعیل و دانیتشووی گوندی ”قەڵای هۆلاکۆی“ سەر بە شاری بۆکان ڕاگەیەندراوە. هەەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە تەرمی ناوبراو ڕادەستی بنەماڵەکی نەکراوەتەوە.

پێشتر هەنگاو باسی لەوە کردبوو کە سێ تەرم بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو گوازراونەتەوە، وێدەچێت یەکێک لە کوژراوەکان لە ئەندامانی ئیدارەی ئیتلاعات بووبێت کە هەتا ئێستا بڵاویان نەکردووەتەوە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە سەرنشینەکانی ئەو پرایدە ئەندام و لایەنگری حیزبی دێموکرتی کوردستانی ئێران بوون، بەڵام هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، ئەو حیزبە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو تێکهەڵچوونە بڵاو نەکردووەتەوە و تەنیا لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکرات باس لە کوژرانی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی هەژار ڕەزایی کراوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە