ئیسماعیل دزوار، یەکێک لە دەستبەرکراوەکانی شاری سەقز لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەستدا

یەکێک لە خۆپیشاندرانی خەڵکی سەقز بە ناوی ئیسماعیل دزوار، کە سێ ڕۆژ پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو، لە

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٣:١٤


هەنگاو: دووشەممە، ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

یەکێک لە خۆپیشاندرانی خەڵکی سەقز بە ناوی ئیسماعیل دزوار، کە  لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزەکانی ئەم ناوەندە، گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢٣ی شەوی یەکشەممە، ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا کە جلوبەرگی ئاساییان (لیباس شەخسی) لەبەردابووە، تەرمی ئیسماعیل دزواریان بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی شیفای سەقز گواستووەتەوە.

بەوتەی یەکێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەی شیفا، ئیسماعیل دزوار بەهۆی ئەشکەنجەی سەختەوە گیانی لەدەستداوە و ئاسەواری شینبوونەوە و شکان بە جەستەیەوە بەتایبەتی لەسەر سینگی دیاربووە.

ئەم سەرچاوە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، لە درێژەدا بەهەنگاوی ڕاگەیاند: "هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە ساڵۆنی ڕادیۆلۆژی نەخۆشخانە و لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەم نەخۆشخانەیان وتوویانە، کە هۆکاری مردنی ئیسماعیل بە ڕووداوی هاتووچۆ بنووسن، کە کاربەدەستانی نەخۆشخانە بەتوندی ڕەدیان کردووەتەوە."



ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە بەڕێوەبەرانە نەخۆشخانە بە هێزەکانی ئیتڵاعاتیان وتووە: "ئەم کەسە بەبێ هەبوونی هیچ نیشانەیەکی ژیان هێنراوەتە نەخۆشخانە، ناگونجێت هۆکاری مردنەکەی ڕووداوی هاتووچۆ بێت، بە دڵنیایەوە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە".

هەنگاو زانیویەتی، کە دوای دژایەتی کردنی توندی بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی شیفا، لەگەڵ داواکارییەکەی هێزە حکومییەکان، ئەم هێزانە کاتژمێر ٣ی نیوەشەو، تەرمی ئیسماعیل دزواریان بێ ئیزنی نەخۆشخانە دزیوە و بە هاوکاری هێزەکانی ئاگر کوژێنەوە، هەر ئەو شەوە ناشتوویانە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە، ١٨ی ڕەزبەر، بنەماڵەی دزواریان بانگ کردووە و هەڕەشەیان لێکردوون کە هۆکاری مردنی کوڕەکەیان بە ڕووداوی هاتووچۆ ڕابگەیێنن و لە پرسەنامەکەشی و لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هۆکاری مردنی ناوبراویان ڕووداوی هاتووچۆ نووسیوە. هەنگاو زانیویەتی کە برای هاوسەری ئیسماعیلیش بە ناوی زانیار حوسێن زادە هەر لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەرکراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئیسماعیل دزوار ڕۆژی یەکشممە ١٧ی ڕەزبەر لە نزیک پۆلیسی ڕێگاوبانی شاری سەقز دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە