یۆنان/ ئەنوەر نیلووفەری بۆ سێهەمین جار و ماوەی ٢٢ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: پەناخوازێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد بە هۆی بێ وڵام مانەوەی داخوازییەکانی لەلایەن UNHCR بۆ جاری سێهەم لە بەرانبەر بنکەیە.

١٣ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٠:٢٨

 

هەنگاو: پەناخوازێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد بە هۆی بێ وڵام مانەوەی داخوازییەکانی لەلایەن UNHCR بۆ جاری سێهەم لە بەرانبەر بنکەی ئەو ڕێکخراوەیە لە یۆنان مانی لەخواردن گرتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەنوەر نیلووفەری، پەنابەری سیاسی خەڵکی مەهاباد لە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢١ (١٤ی سێپتامبری ٢٠٢١) بە نیشانەی وڵامدەر نەبوونی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە هەمبەر داخوازەکانی لە پێش بینای ئەم ڕێکخراوەیە لە شاری ئاتن پایتەختی وڵاتی یۆنان مانی لە خواردن گرتووە.

ئەنوەر نیلووفەری وەک خۆی دەڵێت لە ساڵی ٢٠١٤وە لە وڵاتی یۆنان بە بارمتە گیراوە لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی وت: “ئەمڕۆ ٢٢مین ڕۆژه کە لەپێش  بنکەی UNHCR مانم لەخواردن گرتووە و خوازیارم کە لە یەکێک لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا وەکوو کەنەدا، ئەمریکا یان ئوسترالیا وەربگیریم. لەبەر ئەوەی کە ئەورووپا مافی پەنابەری بە من نەدا و لە ساڵی ٢٠١٥ بە شێوەیەکی نایاسایی منیان دیپۆرتی وڵاتی یۆنان کردەوە و هەروەها بە پێی یاسای دۆبڵین لە هیچ وڵاتێکی ئەورووپایی مافی پەنابەرێتیم پێ نادرێت”.

ئەم پەنابەرە کوردە دوای ٢٢ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن باری تەندروستی ناجێگیرە و چەندین کیلۆ لە کێشی لەشی دابەزیوە.

ئەم چالاکە سیاسییە ساڵی ڕابردووش بۆ ماوەی ٧٣ ڕۆژ لە پێش بارەگای کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە ئاتن مانی لەخواردن گرتبوو دواجار بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی و هەبوونی بەردی زراو دووجار لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و ئەمە سێهەمین مانگرتن لە خواردنی درێژماوەی ناوبراوە لە پێش بارەگای (UNHCR) لە وڵاتی یۆنان.

بە وتەی ئەنوەر نیلووفەری، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا پۆلیسی یۆنان پێنج جار چادر (خێوەت)ی ناوبراویان تێکداوە و دەیانجار دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە. هەروەها ئەم هێزانە چەندین مۆبایلی ناوبراویان تێکشکاندووە و ٢٢ جاریش لە دادگاکانی یۆنان دادگایی کراوە و پێنج جاریش خراوەتە بەندیخانە. ئەنوەر نیلووفەری لە ڵی ٢٠١٨ بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە کەمپی دیپۆرتکردنەوە ڕاگیرابوو.

ئەنوەر نیلووفەری ساڵی ٢٠١٤ چووەتە وڵاتی یۆنان و ئیقامەی سیاسی گرتووە، دواتر چووەتە وڵاتی سوید و داوای پەنابەری کردووە، بەڵام دەستبەجێ بۆ وڵاتی یۆنان گەڕێندراوەتەوە. ئیدارەی پەنابەرانی سوید هۆکاری دیپۆرتی نایاسایی ناوبراوی بۆ یۆنان یاسای دۆبڵین ڕگەیاندووە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەنوەر نیلۆفەری دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی ١٩ی مارسی ٢٠١٨ لە کەمپی دیپۆرتکران ئازاد کراوە هەتا ئێستا هیچ جۆرە کارتێکی پێناسی نیە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٢٠١٧ و کاتێک ئەنوەر نیلووفەری بۆ ماوەی ٦٤ ڕۆژ و بۆ یەکەمجار لە پێش بارەگای UNHCR لە یۆنان مانی لەخواردن گرتبوو، دۆسیەی ناوبراو لە پەرلمانی ئەورووپا خراوەتە بەرباس، بەوحاڵەشەوە ناوبراو هەتا ئێستا لە خراپترین دۆخ و بەبێ هەبوونی کەمترین پێداویستییەکانی ژیان لە لە پێش بارەگای UNHCR لە وڵاتی یۆنان ڕاگیراوە.

ئەنوەر نیلووفەری خەڵکی شاری مەهابادە و بڕوانامەی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر وەرگرتووە.ناوبراو لەو ماوەی کە لەهەرێمی کوردستان بووە دوو کتێبی چاپ کراوە.

بە مەبەستی واژۆکردنی دادخوازی ئەنوەر نیلووفەری دەتوانن لێرە کلیک بکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە