یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی کرماشان لە بەندیخانە خۆی کوشت

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، دوای ئەوەی کە حوکمی بەندکرانەکەی لەلایەن

٥ ڕەشەمە ٢٧١٩، ٠٩:٤٠

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، دوای ئەوەی کە حوکمی بەندکرانەکەی لەلایەن بەرپرسانەی بەندیخانەی دێزڵ ئاوا پێی ڕاگەێندرا، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (٢٣ی فێوریەی ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی ”ڕەزا ئومیدی یاریجانی“ کوڕی جەعفەر، لە بەندیخانەی دێزڵ ئاوای کرماشان خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەزا ئومیدی دوای ئەوەی لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانی پێ ڕاگەیەندراوە خۆی کوشتووە.

ڕەزا ئومیدی یاریجانی خەڵکی گوندی جەلالوەند سەر بە شارۆچکەی فیروزئاوای کرماشان بووە و لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر کە دوای بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە زۆربەی شارەکانی ئێران هاتە ئاراوە، دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و هەروەها بەندیخانەی دێزڵ ئاوا ڕاگیرابوو و چەند ڕۆژ پیش لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی ئەو شارە حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بە هەنگاو گەیشتووە، ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو لاوە تەمەن ٢٢ ساڵە کردووە کە نابێ ئیزن بدەن کە ئەو هەواڵە میدیایی بکرێتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە