ئێقباڵ زارعی دوای جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

هەنگاو: ئێقباڵ زارعی بەندکراوی سیاسی کورد کە لە کۆتایی مانگی ڕەزبەر، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربرین بە دەستێوردانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کەیسەک

١٨ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ٢١:٢٠

 

هەنگاو: ئێقباڵ زارعی بەندکراوی سیاسی کورد کە لە کۆتایی مانگی ڕەزبەر، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربرین بە دەستێوردانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کەیسەکەی مانی لە خواردن گرتبوو، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممەی حەوتووی ڕابردوو ١١ی خەزەڵوەر (٢ی نۆڤەمبر)، ئێقباڵ زارعی بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی سەقز، دوای ١٩ ڕۆژ مانگرتن و جێبەجێ کردنی داخوازیەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هیناوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسی بەندیخانە و قازی بەریوەچوونی حوکمەکان لە شاری سەقز، لە نزیکەوە چاویان بەم بەندکراوە سیاسیە کەوتووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە دوای ١٠ ڕۆژ لە کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەی داخوازیەکانی جێبەجێ دەبێت، لە ئەگەری بەڕێوەچوونی بڕیاری ئەو بەرپرسانە لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوو ئێقباڵ زارعی لە بەندیخانە ڕزگار دەبێت.

ئیقباڵ زارعی، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز ڕاگیراوە،لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (١٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جێبەجێ نەکرانی فەرمانی سەرۆکی دەزگای دادوەریی کە داوای بەخشینی ماوەی حوکمەکەی کردبوو، مانی لە خواردن گرتبوو.

ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستی خستووەتە ناو کەیسی ئیقبال زارعی و ئیزن نادات کە ماوەی حوکمەکەی بکەوێتە بەر لێبوردن.

ئیقباڵ زارعی تەمەن ٣٥ ساڵ و خێزاندارە، کە ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧١٦ (٩ی ژوئیەی ٢٠١٦)  لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و دواتر تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو خەڵکی گوندی خۆشەدەرەی سەقزە و لەکاتی دەستبەسەر کرانیەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە