ئەسرین محەمەدی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە و دەریا تاڵبانی ئازاد کرا

هەنگاو: یەکێک لە ژنانی دەستبەسەر کراوی مانگی ڕابردوو کوردستان دوای نزیکەی ٤٠ ڕۆژ گوازرایەوە بۆ بەن

٢٨ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ٢٢:٠٤

 

هەنگاو: یەکێک لە ژنانی دەستبەسەر کراوی مانگی ڕابردوو کوردستان دوای نزیکەی ٤٠ ڕۆژ گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و یەکێکی دیکەیان بە بارمتە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (١٦ی فێوریەی ٢٠٢١)، ئەسرین محەمەدی چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە دوای نزیکەی ٤٠ ڕۆژ بەندکران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە.

ئەسرین محەمەدی دەرچووی ڕشتەی بیناسازی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٩ی ژانویەی ٢٠٢١)، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە تاران دەستبەسەر و لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندان، دەریا تاڵبانی چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی ئینگلیزی کە هەمان ڕۆژی دەستبەسەر کرانی ئەسرین لە مەهاباد دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ناوەندە ئەمنییەکان ئەو دوو کەسەیان بە هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری حکوومەت تۆمەتبار کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە