ئەندامێکی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەر و مەترسیی دیپۆرت بۆ ئێرانی لەسەرە

محەممەد مەمەندزادە تەمەن ٢٦ ساڵ و چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی سەردەشت و یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٠

٢١ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ٠٩:٢٩


هەنگاو: هەینی ٢١ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

محەممەد مەمەندزادە تەمەن ٢٦ ساڵ و چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی سەردەشت و یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەر و مەترسیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لەسەرە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم چالاکە کوردە لە شاری دەمرە سەر بە پارێزگای ئانتالیا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەر کراوە.

محەممەد مەمەندزادە دوو مانگ پێش و بە هۆی ئەوەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە گوشاری لەسەر بوو و چەندینجار بانگ کرابوو، زێدەکەی بەجێ هێشت و مەبەستی ڕۆیشتن بۆ ئەورووپا ڕووی لە تورکیا کردبووە.

جێگای ئاماژەیە کە محەممەد مەمەندزادی یەکێک لە چالاکانی میدیایی، مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی سەردەشتە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراوە. هەروەها هێزە ئەمنییەکان ئەمساڵ سێ جار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و ماڵەکەیان پشکنیوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای نیگەرانی بە نیسبەت دۆخی محەممەد مەمەندزادە داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و پەنابەران دەکات کە بەخێرایی لە سەر ئەم دۆسیەیە هەڵوێست بگرن و پێش بە دیپۆرتکردنەوەی ناوبراو بگرن.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە