ئەگەری لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی سەقزی لە ئارادایە

هەنگاو: بڕیارە کە حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز کە ١٥ ساڵ پێش بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو، سبەی جێبەجی بکرێت.

١٠ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ١٢:٥٦

 

هەنگاو: بڕیارە کە حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز کە ١٥ ساڵ پێش بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو، سبەی جێبەجی بکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڕیارە کە ڕۆژی شەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (٢ی نۆڤەمبری ٢٠١٩)، حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی ”کامران (ڕەزا) عەبدی پوور“ لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ بکرێت.

کامران عەبدی پوور ١٥ ساڵ پێش لە تێکهەڵچوونێکدا کەسێکی دیکەی خەڵکی سەقزی بە ناوی ”محەمەد عەلیزادە“ کوشتبوو و دوای دەستبەسەر کران لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو.

فاتمە عەلی پەنا، دایکی کامران بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوای لە چالاکانی مەدەنی و دانیشتوانی سەقز کردووە کە بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراوەکە هاوکارییان بکەن.

سەرچاوەکەیکی نزیک لە بنەماڵەی کامران لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەگەری ئەوە هەیە کە کامران ئەمڕؤ بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بگوازرێتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوا لە هەموو چالاکانی مەدەنی شاری سەقز دەکات کە هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گڕ هەتا بتوانن ڕەزامەنی  بنەماڵەی کوژراوەکە بۆ لیخۆشبوونی کامران بە دەست بێنن و بەشدار بن لە پێش گرتن لە جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی ناوبراو.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە