دەرکرانی دوو چالاکی پیشەیی دیکە لە شاری مەریوان

٦ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢١:١٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

تەحسین مستەفا، ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی و سامان کووشش لە چالاکانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان، بە بڕیاری لیژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکان لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە دەرکراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەڕۆژانی ڕابردوودا، تەحسین مستەفا ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان و خاوەن پێشینەی ٢٣ ساڵ وانەکوتنەوە لە قوتابخانەکانی ئەو شارە و سامان کووشش لە چالاکانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان، لە درێژەدان بە ئیشەکەیان لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە دوور خراونەتەوە.

بەوتەی سەرچاوە بڕواپێکراوەکان، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو چالاکە پیشەیییانە، لەلایەن لیژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە و بەپێی ماددەی ٨ی یاسای سەرپێچییە ئیدارییەکان، سەپێندراوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، سزای دوورخستنەوەی مامۆستایان و چالاکانی ئەنجوومەنی مامۆستایانی مەریوان بەپێی ڕاسپاردنی ناوەندە ئەمنییەکانی پارێزگای سنە و بەبێ گرینگیدان بە داکۆکییەکانی تۆمەتباران بەسەریاندا سەپێندراوە.

پێشتریش هەنگاو بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک ڕایگەیاندبوو کە، سومەیە ئەختەرشومار، لە چالاکانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان بە بڕیاری لیژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکان لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان دەرکراوە. ئەو سزایە بە تۆمەتی بێ بنەما وەکوو لەبەرکردنی جلی کوردی و بڵاوکردنەوەی "بابەتی ورووژێنەر" بەسەر ئەو مامۆستا خاوەن پێشینەیەدا سەپێندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە