شنۆ: دەستبەسەرکردنی لوقمان حاجی خۆش دوای بانگکردنی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە

٢٢ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢١:٥٨

هەنگاو: شەممە، ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لوقمان حاجی خۆش، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، دوای بانگکردنی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە، دەستبەجێ دەستبەسەر کرا. هەروەها مامی ناوبراو بە ناوی یووسف حاجی خۆش، نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١١ی مەی ٢٠٢٤)، لوقمان حاجی خۆش، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا"ی سەر بە شاری شنۆ، دوای ئەوەی کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگ کراوە، دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیکی بنەماڵەی حاجی خۆش، ئەو هاووڵاتییە لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەلایەن ئیتلاعاتی شاری شنۆ بانگ کراوە و دوای سەردانی بۆ ئەو ناوەندە حکوومەتییە، دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە.

تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە یووسف حاجی خۆش، ئەندامی شوورای ناوەندی و شوورای ڕێبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد و مامی لوقمان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕ دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەوە چارەنووسی ناڕوونە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە