سنووری نەوسوود؛ کوژرانی کۆڵبەرێکی لاو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

١٦ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١١:٣٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی لاو خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی هەژیر مەحموودپوور لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٥ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، کۆڵبەرێکی لاو خەڵکی گوندی "پووینە" سەر بە شاری جوانڕۆ، بەهۆی سەختی برینەکانی لە نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە گیانی لەدەستدا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەژیر مەحموودپوور شەوی ڕابردوو لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار بوو و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترابوو.

ڕۆژی ڕابردووش، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی سەڵاح (نازناو نادیار) لەکاتی کۆڵبەریدا و لە یەکێک لە ناوچە سنووریەکانی مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار کراوە. ناوبراو خەڵکی گوندی هەلۆژان سەر بە شاری سەوڵاوایە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی مەی ئەمساڵ لانی کەم ٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە