ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی کەماڵ شەریفی لە دەستپێکی حەڤدەیەمین ساڵی بەندکرانی بێ مافی چاوپێکەوتن و مرەخەسی
هەنگاو؛ شەممە ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٤
کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە دووەمین حەفتە لە حەڤدەیەمین ساڵی بەندکرانی تێپەڕ دەکات، هەتا ئێستاش لە کەمترین مافەکانی خۆی لە بەندیخانەی میناب بێبەش کراوە. ئەو بەندکراوە سیاسییە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و تێپەڕکردنی ئەو ماوەیە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستیی ناوبراو ئەستەمە.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ کەماڵ شەریفی، تەمەن ۵٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بەندکراوی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی کورد کە حەڤدەیەمین ساڵی بەندکرانی خۆی تێپەڕ دەکات، تا ئێستاش لە مافی مەرەخەسی و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە.
هەروەها، کەماڵ شەریفی وەکوو جاران، لە بەندی تاوانە مەترسیدارەکانی بەندیخانەی میناب لە پارێزگای هورمزگان ڕاگیراوە و لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانە و ناوەندە ئەمنییەکانەوە لەژێر گوشار و ئازاری جەستەیی و دەروونیدایە.
نوێترین ڕاپۆرت لەسەر بارودۆخی کەماڵ شەریفی، نیشان دەدات ددانەکانی ناوبراو بەهۆی ئەشکەنجەدران و لێدانی بەردەوامی لە کاتی دەستبەسەربوون و لێپرسینەوەی لە ئیدارەی ئیتلاعاتدا، شکاوە و پێویستیان بە پێڕاگەیشتنی خێرایە.
شایەنی باسە کە، کەماڵ شەریفی لە ساڵانی ٢٧١٢ و ٢٧٢٠ تووشی جەڵتە و ڕاوەستانی دڵ بوو کە جاری یەکەم بەشی ڕاستی جەستەی توانای جووڵانەوەی لەدەستدا و جاری دووەم، لە نەخۆشخانەیەکی شاری بەندەرعەباسدا نەشتەرگەری بۆ کرا.
ئەو بەندکراوە سیاسییە لە دادگایەکی ۵ خولەکی و لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شایەق" بە تۆمەتی "موحاڕبە لە ڕێگەی ئەندامەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان"، سزای ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی میناب و هەروەها بێبەشبوونی لە هەموو مافەکانی بەندکراوان وەکوو ئازادیی کاتی، کارکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەر جۆرە پەیوەندییەکی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو لە تەنیا چاوپێکەوتنی خۆی لە ساڵی ٢٧١٢دا و لە ٤٨هەمین ڕۆژی مانگرتنی لە خواردن، براکەی و دایکی لە ژووری سەرۆکی بەندیخانە و بە ئامادەبوونی چەند فەرمانبەرێکی دیکەی بەندیخانەکە بۆ ماوەی چەند خولەکێک دیت. ناوبراو لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە: "تەنانەت ڕێگەم پێ نەدرا لەگەڵ دایکم بە زمانی کوردی قسە بکەم، ناچاریان کردم فارسی قسە بکەم لەحاڵێکدا کە دایکم ناتوانێت بە زمانی فارسی قسە بکات". ئەم چاوپێکەوتنە کورتە تەنیا بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە مانگرتن لە خواردنی ئەو بەندکراوە بوو.
کەماڵ شەریفی، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۵ی جۆزەردانی ٢٧٠٨ (٢۵ی مەی ٢٠٠٨)، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و هەر لەو ڕۆژەدا بە فەرمانی داواکاری گشتیی شاری سەقز، دەست و لاق و چاوی بەسترا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٠٩ (١٢ی مەی ٢٠٠٩)، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی میناب گواسترایەوە و لەو کاتەوە بەهۆی بەردەوامیی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی خۆی بێبەش کراوە.
شایانی باسە کە ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ساڵەکانی ٢۶٨٩ و ٢۶٩٠، بە تۆمەتی پشتیوانی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقزەوە سزای دوو ساڵ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرابوو.