ئورمیە؛ سووسەن حەسەنزادە، مامۆستای زمانی کوردی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

٢٤ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١١:٠٩

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی بۆکان دوای ٢٨ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٢ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

شایەنی باسە کە، لە ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٥ی مەی ٢٠٢٤)، هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ناوبراویان دەستبەسەر کردبوو و ماڵەکەیان پشکنیبوو.

هەنگاو ئاگادار کراوەتە کە سووسەن حەسەنزادە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و تەنیا پەیوەندییەکی کورت ماوەی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە