گواستنەوەی سۆڵماز حەسەن‌زادە، ئەندامی بنەماڵەی دادخوزەکان بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە

١٠ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٦:٣٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سۆڵماز حەسەن‌زادە ئەندامی بنەماڵەی دادخوازەکان کە هاوکات لەگەڵ باوکی ئەحمەد حەسەن‌زادە لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەن‌زادە، یەکێک لە گیانبەختکردووەکانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە گواستراوەتەوە. هاوکات بۆ ئازادی کاتی ئەحمەد حەسەن‌زادە داوای بارمتەی چوار ملیار تمەنی کراوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٣١ی جولای ٢٠٢٤) سۆڵماز حەسەن‌زادە، تەمەن ٣٠ ساڵ و یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکان ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان، بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە گواستراوەتەوە.

شایانی باسە، ئەحمەد حەسەن‌زادە لە بەندیخانەی ناوەندی بۆکان دەستبەسەرە و ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ئازادیی کاتیی ناوبراو داوای بارمتەی چوار ملیار تمەنییان کردووە.

ئەم دوو ئەندامەی بنەماڵەی دادخوازەکان، ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژ، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەن‌زادە لە دوای هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵیان بە بێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی گیراون.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکران و ئەشکەنجەی ئەم دوو هاووڵاتییە، دایە عەزیمە دایکی محەمەد حەسەن‌زادە یان داوەتە بەر لێدان و بە هۆیەوە دواتر بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گوازراوەتەوە.

ئەحمەد حەسەنزادە و سۆلماز حەسەنزادە لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) دەستبەسەر کرابوون. هەروەها سۆلماز حەسەنزادە ئێوارەی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەریش لەگەڵ سێ کەس لە هاوڕێکانی لە ڕێگای نێوان بۆکان سەقزدا دەستبەسەر کرابوو.

محەممەد حەسەنزادە، ئێوارەی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆکان و لەحاڵێکدا کە هەوڵی ڕزگارکردنی کچێکی دابوو کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە ڕفێندرابوو، بە چەندین زەربەی چەقۆ و هەروەها گوللەیەکی هێزە حکومەتییەکان کە لەسەر سینگ و دڵی پێکرابوو گیانی لەدەستدا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە