کرماشان؛ ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بۆ دوو کەس بەرز بوویەوە

١ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١١:٣٢

هەنگاو؛ دووشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

بەندکراوێکی دیکەی کورد و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە ناوی خەلیل جەماڵی ڕۆژی ڕابردوو لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان لەسێدارە دراوە و بەمەش ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارە دراو بۆ دوو کەس بەرزبوویەوە. هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی لەسێدارەدانی دانیال کازمی نژادی ڕاگەیاندبوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ۲۰۲۴ (۲۱ی جولای ۲۰۲۱)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی خەلیل جەماڵی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ئەو سزایەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان) دێزڵئاوا (جێبەجێکراوە..

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خەلیل جەماڵی دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەستی کوڕەخاڵی خۆی دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

هەواڵی لە سێدارە دانی ئەم بەندکراوە، هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.

هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی لەسێدارەدانی دانیال کازمی نژاد خەڵکی شاری شابادی لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان بڵاو کردبووە. ناوبراو بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێران بە ناوی سەجاد ئەمیری سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە