سنە؛ موختار ئەسەدی، لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایان دەستبەسەر کرا

٣٠ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٠٩:٥٤

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

موختار ئەسەدی، لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، دوای بانگکران بۆ پۆلیسی فەتا، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. دوو ڕۆژ پێشیش هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە ماڵی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییەیان پشکنیبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، موختار ئەسەدی دوای بانگکران بۆ پۆلیسی فەتای شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی موختار ئەسەدی، ناوبراو کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ ڕۆیشتووەتە پۆلیسی فەتا، دوای ٢ کاتژمێر لێپرسینەوە لە ناوبراو، بە فەرمانی دادوەر هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراودا گرتووە و موختار ئەسەدیش دەستبەسەر کراوە.

ڕۆژی ڕابردوو یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، کاتژمێر شەشی بەیانی، لەکاتێکدا کە ئەو چالاکە پیشەییە لە ماڵێ نەبووە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە سنە و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە ماڵەکەیان پشکنیون و بوون بەهۆی ترسان و دڵەڕاوکێی ژن و منداڵی بچووکی ناوبراو و هەروەها دراوسێکانیان لەو شوێنەی تێیدا نیشتەجێن.

موختار ئەسەدی لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری سنەیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکران و بەندیخانەی بەسەردا سەپێندراوە. ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە بڕینەوەی مووچەیەکی خانەنشینیی زۆرەملێ، لە کار دوور خراوەتەوە و بۆ بژێوی ژیانی ڕووی لە کاری کشتوکاڵ کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە