گواستنەوەی موختار ئەسەدی چالاکی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بۆ گرتنگەی ئێڤینی تاران

٣٠ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٨:٠٥

هەنگاو؛ سێشەممە ٣٠ گەلاوێژی ٢٧٢٤

موختار ئەسەدی لە چالاکانی ناسراوی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکرانی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکان لە شاری سنە، بۆ گرتنگەی ئێڤینی تاران گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، موختار ئەسەدی لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، ڕۆژێک دوای بەندکرانی و دەسبەسەرداگرتنی هەموو ئامێرەکانی پەیوەندیگرتنی، بۆ گرتنگەی ئێڤین لە تاران گواسترایەوە.

بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بە بنەماڵەی موختار ئەسەدی وتراوە بۆ ئازادکردنی ناوبراو، بڕی بارمتەی دیاریکراو ئامادە بکەن و بچنە ناوەندە دادوەرییەکان، بەڵام لە کاتی سەردانکردنیان پێیان ڕاگەیاندوون کە موختار ئەسەدی بۆ دادگایی کردنی بۆ لقی شەهید موقەدەسی دادسەرای ئێڤینی تاران گواستراوەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤، موختار ئەسەدی دوای چوونی بۆ پۆلیسی فەتای شاری سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابووەوە.

شایانی باسە کە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، کاتژمێر شەشی بەیانی، لە کاتێکدا ئەم چالاکە پیشەییەی مامۆستایان، لە ماڵ نەبووە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو لە سنە و بە شێوەیەکی هۆڤانە ماڵەکەیان پشکنیوە و ئەمەش بووە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ ژن و منداڵ و هەروەها دراوسێکانی ناوبراو.

موختار ئەسەدی یەکێک لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری سنەیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن ئیدارە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراوە و لە لایەن دەزگای دادوەری بە سزای بەندکران مەحکووم کراوە. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا بە بڕینی مووچەی خانەنشینی لە کار دەرکراوە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕووی لە کشتوکاڵ کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە