مەهاباد؛ دەستبەسەرکرانی دووبارەی بابەک فەرامەرزی

٦ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢١:٣٥

هەنگاو؛ سێشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٤

بابەک فەرامەرزی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد ماوەی دە ڕۆژە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە. ناوبراو جارێکی دیکەش لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستبەسەر کرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، بابەک فەرامەرزی، تەمەن ٢٤ و خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە یەکێک لە شەقامانی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی بابەک فەرامەرزی، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا کە دەستبەسەر کراوە، هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نەبووە و تا ئێستا زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە، بابەک فەرامەرزی، پێشتر چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بانگکرابوو بەڵام لە سەردانکردن بۆ ئەم ناوەندانە خۆی پاراستبوو.

بابەک فەرامەرزی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای نزیک بە دوو مانگ لە دەستبەسەرکرانی بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆنی و بە شێوەیەکی کاتی و هەتا کاتی تەواوبوونی دادگاییکردنی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە