مەریوان؛ ئیبراهیم خیشکار سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

١٠ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١١:٥٥

هەنگاو؛ سێشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

ئیبراهیم خیشکار، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای یەک ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیبراهیم خیشکار، خەڵکی گوندی "دەل" سەر بە شاری سەوڵاوا لە لایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی ئێران" سزای ١ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و ٦ مانگ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو سزایە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوای بانگکرانی ناوبراو بۆ دادگای شۆڕشی مەریوان بەفەرمی پێی ڕاگەیەندراوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەتوانێت سەبارەت بەو سزایە ناڕەزایەتی دەربڕێت.

شایانی باسە کە، ئیبراهیم خیشکار  ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (٢٣ی مەی ٢٠٢٤)، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری مەریوان لە لایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

ئیبراهیم خیشکار دوای نزیکەی یەک مانگ دەستبەسەرکران لە ئاکامدا سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە