بەندکراوێکی بەندیخانەی ئورمیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

هەنگاو: بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە بە هۆی ساز کردنی کەیسێکی نوێ و بێ ڕێزی و لێدانی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخ.

٣١ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١١:١٧


هەنگاو: بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە بە هۆی ساز کردنی کەیسێکی نوێ و بێ ڕێزی و لێدانی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەکەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (١٥ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی کورد بە ناوی “داوود قاسم زادە” کە نەخۆشە و بڕبڕەی پشتی شکاوە، بە هۆی دۆسیە سازیەکی نوێ و لێدان و بێ ڕێزی کردن پێی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە لە بەندی ئەمنی ئەو بەندیخانەیە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە و دوابەدوای ئەوەی زەنگی مەترسی بەندیخانە لێدراوە و هێزە تایبەت ڕژاونەتە ناو بەندیخانەی ئورمیە.


داوود قاسم زادە ماوەیەک پێش داوای کردبوو کە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بکرێت، بەڵام ڕێگری لێکرابوو و هەربۆیەش ناوبراو مانی گرتبوو و پەتوو (بەتانی)یەکانی خۆی ئاگردا بوو. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانە وێڕای بێڕێزی پێ کردن بیدەنە بەر لێدان و کوتان.

بە وتەی سەچاوەیەکی ئاگادار، هەر ئەو کات مێهرعەلی فەرهەنگ، کارگێڕی ناوخۆیی بەندیخانە بەو بەندکراوە مەحکووم بە سێدارەی ڕاگەیاندبوو کە:” من برایەکی لە ناو دادستانی ئیش دەکات، ئەگەر بنەماڵەی کوژراوەکەش لەسێدارەت نەدەن، ئەوا من خۆم لەسێدارەت دەدەم”.


ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا ڕایگەیاند کە، ماوەیەک پێش، مێهرعەلی فەرهەنگ بە هاوکاری بەرپرسی بەندیخانە و پەرستارێک بە ناوی “مێهرداد ڕەشید” یەک کیلۆ تەریاکیان هێناوەتە ناو بەندیخانە و بەپێی پیلانێک کە پێشتر دایانڕشتبوو، دەستیبەسەردا گیراوە و ئەو پەرەستارە وتوویە من ئەم تەریاکەم بۆ داوود و براکەی بەناوی بەهائەدین هێناوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو دوو برایە هەتا ئێستا ماددەی هۆشبەریان بەکار نەهێناوە.


ئەو دوو برایە کە هەردوویانی حوکمی سێدارەیان هەیە و خەڵکی شاری سەڵماسی پارێزگای ئورمیەن، دوای ئەوەی ئەو پیلانە لەلایەن کارگێڕی ناوخۆیی بەندیخانە جێبەجێ کراوە گوازراونەتەوە بۆ بەندی ئەمنی بەندیخانەکە و داوود لەوێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و سەرباری ئەوەی کەباری تەندروستی ناجێگیرە، لە ڕۆژی جوارشەممەوە مانیشی لە خواردن گرتووە.


جێگای ئاماژەیە کە لەبەندی ئەمن (پاک)ی بەندیخانەی ئورمیە هیچ بەندکراوێک لەلایەن کادری دەرمانییەوە چارەسەری بۆ ناکرێت و سەرباری ئەوەی کە داوود ڕوستەم زادە تووشی سووتانێکی زۆر بووە، هێشتا چارەسەریی بۆ ئەنجام نەدراوە و ئەمەش مەترسی لە سەر ژیانی دروست کردووە.


بەهائەدین قاسم زادە و داوود قاسم زادە ١١ ساڵ پێش بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست دەستبەسەر و لەو کاتەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە