شایان سەعیدپوور لە بەندیخانەی سەقز لەسێدارە درا

هەنگاو: شایان سەعیدپوور کە لەتەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان بووە و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو، دوای هەڵاتن لەبەندیخانەی سەقز و سەر لەنوێ دەستبەسەر کر

٢ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٠٧:٤٩


هەنگاو: شایان سەعیدپوور کە لەتەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان بووە و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو، دوای هەڵاتن لەبەندیخانەی سەقز و سەر لەنوێ دەستبەسەر کرانی لەسێدارە درا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢١ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، شایان سەعیدپووڕ خەڵکی سەقز، کە لەتەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان بووە و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو، دوای هەڵاتن لەبەندیخانەی سەقز و سەر لەنوێ دەستبەسەر کرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە لەسێدارە درا.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی سەعیدپوور وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، تەنانەت ئیزنیان نەداوە دایکی ئەو کوڕەی بە دەستی شایان کوژرابوو و ڕەزامەندی دابوو، بچێتە ناو بەندیخانە. بنەماڵەی شایان دوێنێ لە بەندیخانەی سەقز دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەل ناوبراو ئەنجام دابوو.

شایان سەعیدپوور کوڕی سەلاحەدین، لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧١٥ ( ١٦ی ئاگۆستی ٢٠١٥) لە کاتێکدا تەمەنی نەگیشتبووە ١٨ ساڵ هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سەقزی بە ناوی ”سلێمان ئازادی“ کوشتووە و لەوکاتەوە لە بەندیخانە ڕاگیراو.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ (٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی پارێزگای سنەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و ئەو حوکمە مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵ لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

شایان سەعیدپوور لەدایکبووی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٧٦ی هەتاو بووە و لەکاتی ئەنجامی تاوانەکە ڕاست ١٧ ساڵ و ١٠ مانگ و ٢٥ ڕۆژ تەمەنی هەبووە.


سەپاندنی حوکمی سێدارە و جێبەجێ کردنی بە سەر مێرمنداڵاندا لە ئیران لە کاتێکدایە کە ماوەی ٢٦ ساڵە ئێران جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەوپەیوەندییەدا واژۆ کردووە کە بەپێی ئەو جاڕنامەیە سەپاندنی حومی سێدارە و بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەر مێرمنداڵاندا نایاساییە.

لە کاتی ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەی سەقز ٧٤ بەندکراو توانیان هەڵبێن، شایان سەعید پوور و شۆڕش موروەتی دوو لەو بەندکراوانە بوون کە توانیان هەڵبێن و ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوەی (٥ی ئاوریل) واتە ١٠ ڕۆژ دوای هەڵاتن لە بەندیخانە، لە گوندی سەبەتلووی شاری بانە دەستبەسەر کرانەوە.

مستەفا سەلیمی، یەکێکی دیکە لەو بەندکراوانە بوو کە دوای ئەوەی دەستبەسەر کرایەوە، ڕۆژی شەممە ٢٣ فروردین (١١ ئاوریل) لە بەندیخانەی سەقز لەسێدارە درا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە