هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوایە سەر ماڵ بەندکراوێکی سیاسی پێشوو و هەڕەشەی کوشتنیان لێی کردووە

هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ بەندکراوێکی سیاسی پێشوو و ویرای پشکنینی ماڵەکەیان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کرد

١٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١١:١٣

 

هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ بەندکراوێکی سیاسی پێشوو و ویرای پشکنینی ماڵەکەیان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە ئەگەر خۆی ڕادەست نەکات دەیکوژن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز ڕؤژی چوارشەممە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (٢٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی زانکۆ ڕەمەزان زادە و وێرای پشکنینی ماڵی باوکی داواین کردووە کە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان بکات.
 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، زانکۆ (ئاسۆ)، ئەو ڕۆژە لەماڵ نەبووە و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر خۆی ڕادەستی ئەوان نەکات، ئەوا لەسەرەوە فەرمانی تەقە و کوشتنی ناوبراومان وەرگرتووە.

ئەو هێزانە هەروەها وتوویانە هەتا کاتێک کە زانکۆ خۆی ڕادەست نەکا ئەو تابۆیە کە وەکوو بارمتە دانراوە، ئازاد ناکرێت. دەستبەسەردا گرتنی ئەو تابۆیە لە کاتێکدایە کە ناوبراو بڕی ٢٠٠ میلیۆن تمەنشی لەجیاتی تابۆکە دانراوە و ئێستا هەم دەستیان بەسەر تابۆکە و هەم ٢٠٠ میلیۆن تمەنەکەدا گرتووە.


زانکۆ ڕەمەزان زادە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (١٣ی نۆڤەمبری ٢٠١٩) لەلایەن  لقی چوارەمی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران حوکمی ٦ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پڕووپاگەندە بۆ ئەو حیزبە حوکمی ١٤ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، زیاترین حوکمی واتە حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانەکی جێبەجێ دەکرێت.

ناوبراو ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ (١٥ی فێوریەی ٢٠١٩) لە گەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی “یاسین کەنعانی”لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر و دوای سێ مانگ بە بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە سەقزییە ساڵی ٢٠١٧  بە هەمان تۆمەت بۆ ماوەی یەک ساڵ بەندکرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە