دایە زەینەب ئیسماعیلی سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: ژنێکی بە تەمەنی خەڵکی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە کە لە کۆتاییی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەسەڵاتی

٢ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٠:٢٥

 

هەنگاو: ژنێکی بە تەمەنی خەڵکی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە کە لە کۆتاییی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دایە "زەینەب ئیسماعیلی"، تەمەن ٥٨ ساڵە و لە ئەندامانی دایکانی ئاشتی، لە دادگای بەرایی و بە بێ ئەوەی خۆی لە دادگا ئامادە بێ، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سزای پێنج ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە لە دژی نیزام، سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم سزایە لە کاتێکدا دەچووە کە ناوبراو لە ڕێگای کورتەنامەی مۆبایلەوە بۆ بەشدار بوونی لە دادگا بانگ کراوە و بە هۆی ئەوەی مۆبایلەکەی بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، لە کۆبوونەوەی دادگاکەی ئاگادار نەبووە هەر بۆیەش دادگا بە بێ ئامادەبوونی تۆمەتبارەکە بڕیاری خۆی دەرکردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی دایە زەینەب، پاش ئاگادار بوون لە بڕیاری دادگا، بە دەستنیشان کردنی پارێزەر، داوای پێداچوونەوەیان تۆمار کردووە و ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢١ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، دادگای پێداچوومەوە لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چووە.

زەینەب ئیسماعیلی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ی (٢٧ی فێوریەی ٢٠٢٠) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولانەوە دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

دایە زەینەب، دایکی "محەممەد ئەمین ئەمیری"یە کە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕیزی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)دا، لە شاری کۆبانی و لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی داعش گیانی لە دەست داوە.

دایکانی ئاشتی، گرووپێک لە دایکانی گیانبەختکردووان و لەسێدارەدراوانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانن کە ڕایانگەیاندووە ئامانجیان هەوڵدان بۆ دابین کردنی ئاشتییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە