پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە لە سلێمانی بێ سەرو شوێن بووە

هەنگاو: پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشی کوردستانی ئێران، لە رۆژی سێشەمەوە لە شاری سلێمانی بێ سەروشوێنە و هیچ

٢٧ خاکەلێوە ٢٧٢١، ١٨:٤١

 

هەنگاو: پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشی کوردستانی ئێران، لە رۆژی سێشەمەوە لە شاری سلێمانی بێ سەروشوێنە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نیە.

بە گوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوی " سمکۆ بەنەفشی" تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی سنە، لە رۆژی سێشەمە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢١( ١٣ی ئاوریلی ٢٠٢١) لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان بێ سەروشوێن بووە و هیچ هەواڵێک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە رایگەیاند کە سمکۆ بەنەفشی رۆژی سێشەمە بە ئۆتۆمبێلێکی حیزبی چۆتە دەرەوەی بنکەکانی ئەو حیزبە لە نزیک سلێمانی و بێ سەروشوێن بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتیشی ئەو ئۆتۆمبێلە کە سمکۆ پێی چۆتە دەرەوەی بنکەکانی کۆمەڵە هەر ئەو رۆژە لە نزیکی "بێنزینخانەی سارا" دۆزراوەتەوە کە هیچ ئاسەوارێکی رووداوی هاتوچۆ یان رووداوێکی دیکەی پێوە نەبووە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار رۆژ لە بێ سەروشوێن بوونی سمکۆ بەنەفشی تا ئیستا هیچ لێدوانێکی فەرمییان نەداوە. ئەندامێکی ئەو حیزبە بە هەنگاوی راگەیاند کە کۆمەڵە چاوەڕیی وڵامی ئیدارەی ئاسایشی سلێمانییە بۆیە تا ئیستا هیچ لێدوانێکی لەمبارەوە نەداوە.

سەرەتای خاکەلێوەی ئەمساڵ، سەرۆکایەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە راگەیاندراوێکدا هەواڵی تێرۆرکرانی دوو ئەندامی خۆی لە شاری پێنجوێنی سەربە پارێزگای سلێمانی راگەیاندبوو.

شایانی باسە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵانی رابردوودا هەوڵی رفاندن یان تێرۆرکردنی چالاکانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا داوە و هەر بۆیە لەم جۆرە دۆسیانەدا  لە سەرەتادا قامکی تاوان بۆ لای هێزەکانی ئێران ڕادەکێشرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە