دوو بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانە ئازاد بوون

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی شارەکانی شنۆ و سنە دوای تەواوبوونی سزای بەندکرانەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کران.

٢٧ بانەمەڕ ٢٧٢١، ١٠:٤٦

 

هەنگاو: دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی شارەکانی شنۆ و سنە دوای تەواوبوونی سزای بەندکرانەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (٣٠ی ئاوریلی ٢٠٢١)، ئومید ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ دوای تەواو بوونی سزای ٢ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد بووە.

ئومید ئیبراهیمی ساڵی ٢٧١٨ (٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیەوە بۆ ٢ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

ناوبراو دواجار ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەرمانانی ٢٧١٩ (١٤ی سێپتامبری ٢٠١٩) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ناسناد.

لەلایەکی دیکەوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، فەرهاد تاریمورادی بەندکراوی سیاسی خەڵکی سنە دوای تێپەڕاندنی سزای ١٠ مانگ بەندکرانەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کراوە.

فەرهاد تاریمورادی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٢٧١٩ لەگەڵ ٧ هاووڵاتیی دیکە لە شاری سنە دوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی کە تێدا لەشکەرکیشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزار کرابوو، دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری سنە بە تۆمەتی ”تێکدانی ئاسایشی گشتی لەرێگای بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی“ حوکمی یەک ساڵ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەردا سەپا. حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی ناوبراو دواتر بۆ ١٠ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە