حیزبی دێموکرات گیان لە دەستدانی دوو ئەندامی خۆی لەمەهاباد پشتڕاست کردەوە

هەنگاو: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی گیان لە دەست دانی دوو ئەندامی خۆی لە تێکهەڵچوونی پێشمەرگەکانی ئەو حیز

٣١ بانەمەڕ ٢٧٢١، ١٥:٠٠

 

هەنگاو: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی گیان لە دەست دانی دوو ئەندامی خۆی لە تێکهەڵچوونی پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە لەگەل هێزەکانی سپای پاسداران پشتڕاست کردەوە. هەنگاو شەوی ڕابردوو هەواڵی تێکهەڵچوونەکەی بڵاو کردبوویەوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوێک کە دەزگای فەرمادەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکرات لەلاپەڕەی فەیسبووکیی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونەی کە لە جادەی مەهاباد بۆ بۆکان لەنێوان پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە و هێزەکانی ئیران هاتووەتە ئاراوە پیشمەرگەیەک بە ناوی “ئەنوەر نەسیری چیانە” ناسراو بە (سمکۆ مەحمەل) و ئەندامێکی ڕێکخستنی نهێنی ئەو حیزبە کە وەکوو “پیشمەرگەی شار” ناوی لێبراوە بە ناوی “ سوهراب خەدیری” هەر دوو خەڵکی مەهاباد گیانیان لە دەست داوە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە چەند ئەندامی سپای پاسداران کوژراون و باقی پێشمەرگەکان شوێنی تێکهەڵچوونەکەیان بەجێ هێشتووە.

هەنگاو شەوی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە لە ئاکامی ئەو دوو تێکهەڵچوونەدا ٣ ئەندامی وەزارەتی ئیتلاعات و ٢ ئەندامی سپای پاسفداران کوژراون. هەروەها باسیشی لەوە کردبوو کە ئەندامێکی دیکەی لایەنی دیکەی شەڕەکە بریندار و بە دیل گیراوە کە لە ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکرات ئاماژەی پێ نەکراوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی کە هەنگاو بڵاوی کردبووە، ئەو تێکهەڵچوونانە کاتژمێر ١١ی شەوی چوارشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (١٩ی مەی ٢٠٢١)، لە جاددەی بۆکان بۆ مەهاباد و لە نزیک گوندی “قەرەبڵاغ” هاتوونەتە ئاراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە