بارمتەی فەرهاد عەبدوڵڵاپوور خرایە موزایدەوە

هەنگاو: بارمتەی فەرهاد عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی پێشوو کە ساڵی ڕابردووش براکەی لەسێدارە درابوو، خرایە موزایدەوە.

٢٩ جۆزەردان ٢٧٢١، ١٢:٢٤

 

هەنگاو:  بارمتەی فەرهاد عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی پێشوو کە ساڵی ڕابردووش براکەی لەسێدارە درابوو، خرایە موزایدەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی شنۆ بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی کورد کە ناچار بە بەجێهێشتنی زێدی خۆی بووە، خستووەتە موزایدەوە.

بڕیارە کە کاتژمێر ١١ی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ جۆزەردان (٢٠ی ژوئەن) لە بنکەی جێبەجێ کردنی سزاکانی دادگوستەری شنۆ دەخرێتە موزایدە و بە زیاترین نرخی پێشنیارکراو دەفرۆشێت.

فەرهاد عەبدوڵاپوور ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەر ٢٧١٨ ( ٣٠ی ژوئەن ٢٠١٨) لەلایەن هێزە لیباس شەخسیەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆوە دەستبەسەر و دوای نزیک بە سێ مانگ بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو پاییزی هەمان ساڵ لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار کرا کە زێدەکەی بەجێ بهێڵێت.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور برای فەرهاد عەبدوڵڵاپوور کە پیشتر بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١١ی مەی ٢٠٢٠) لە یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی شاری شنۆ تیرباران کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە