ڕێکخراوی کوردستان تریبوناڵ پشتگیری لە ڕێکخراوی هەنگاو دەکات
هەنگاو: دوای ئەوەی کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو چەند ڕۆژ پێش ئێستا بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕای گشتی ئاگادار کردەوە کە دوو کەس لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوەیە بە ناوەکانی ژیلا موستەئجێر و ئەرسەلان یارئەحمەدی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەیان لێکراوە و گوشار لە سەر بنەماڵەکانیانە، ڕێکخراوی کوردستان تریبوناڵ بە دەرکردینی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی پشتگیری خۆی لە چالاکی و هەروەها ئەندامانی هەنگاو ڕاگەیاند.
لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە، وێڕای پشگیری لە چالاکی ڕێکخراوەکەتان، هەنگاو بە دەنگێکی ڕەوای کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانین و دڵنیاین کە زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی هیچ کارتێکەرییەکی لە سەر چالاکییەکانتان نابێ و سپاسی ورەی بەرزتان دەکەین.
دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەک بە شێوەی خوارەوەیە؛
بەڕێزان ئەندامان و بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی هەنگاو،
داپڵۆسین و بێدەنگ کردنی چالاکانی مافی مرۆڤ بە مەنەستی داپۆشینی جینایەتەکانی ڕژیم لە درێژەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی سەرەکەی رژیمی دژە مرۆڤی و دژە کوردی کۆماری ئیسلامی بووە و کۆتایی ئەو سیاسەتە گرێدراوە بە کۆتایی تەمەنی ئەو ڕژیمەوە.
ئێمە وەکوو هاوکاری ڕێکخراوی هەنگاو وێڕای پشگیری لە چالاکی ڕێکخراوەکەتان، هەنگاو بە دەنگێکی ڕەوای کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانین و دڵنیاین کە زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی هیچ کارتێکەرییەکی لە سەر چالاکییەکانتان نابێ و سپاسی ورەی بەرزتان دەکەین.
دەستەی کارگێری کوردستان تریبوناڵ