بە هۆی لەبەرکردنی جلی کوردی هاووڵاتیەکی خەڵکی سەقز، سزای ١١ مانگی بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز کە زستانی ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی جلی کوردی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەنگ و ڕەنگی حکوومە

٣ خەرمانان ٢٧٢١، ١٧:٢٤

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز کە زستانی ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی جلی کوردی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران لەبەر کردبوو و دەستبەسەر کرابوو، سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، سزای ١١ مانگ بەندکرانی عەتا ڕەحمانزاده ناسراو بە شەماڵ سەقزی  خەڵکی شاری سەقز لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پاێزگای سنە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

شەماڵ سەقزی پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژی حکوومەت” سزای ١١ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. بە پێی ئەم سزایە ناوبراو دەبێ هەتا ١٠ ڕۆژی دیکە بۆ جێبەجێ کردنی سزای بەندکرانەکەی خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز بناسێنێت.

ئەم چالاکە کوردە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٢١ی ژانویە ٢٠٢١) دوای ئەوەی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەنگ و ڕەنگی ئێران لە گۆڕەپانی هەڵۆی شاری سەقز بە جلی کوردییەوە دەرکەوتبوو، دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرابوو.

جێگای ئاماژەیە کە، دوای بێ ڕێزی پێشکەشکاری کەناڵی دوی دەنگ و ڕەنگی ئێران بە جلی کورد، ا ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک داوایان لە خەڵک کردبوو بۆ ئیدانە کردنی بێڕێزیی بێژەرێکی کاناڵی دووی تەلەفزیۆنی ئێران بە جلوبەرگی کوردی، ڕۆژی دووی ڕێبەندان بە جلی کوردییەوە لە شوێنە گشتییەکان ئامادە بن.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ساڵی ٢٧٢٩ش پاش ئەوەی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامی" و "پشتیوانی کردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان"، سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و لە بەند کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە