خوراسان/ چالاکی فەرهەنگی کورد سزای ١٠ سال بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خوراسانی کە مانگی جۆزەردانی ئەمسال لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

١٣ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١٢:٠٨

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خوراسانی کە مانگی جۆزەردانی ئەمسال لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مەحموود نیروومەند چالاکی فەرهەنگی کورد لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی لەلایەن لقی ٩٠٣ی دادگای شۆرشی مەشهەد بە سەرۆکایەتی عەلی سلێمانی تۆمەتی چالاکی تەبلیغی دژی نیزام و پەیوەندی لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژبەری حکوومەت سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

دانیشتنی دادگای مەحموود نیروومەند مانگی پووشپەڕی ئەمسال بەرێوەچووە و ئەم حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

مەحموود نیروومەند تەمەن ٣٦ ساڵ ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردان ٢٧٢١ (٢٥ی مەی ٢٠٢١)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات مەشهەد دەستبەسەر دوای مانگێک دەستبەسەرکران ڕۆژی پێنج شەممە ٣ی پووشپەڕ (٢٤ی ژوئن) بۆ بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد گوازرایەوە.

مەحموود نیروومەند خەڵکی گوندی پلگەرد، سەر بە ناوچەی هەزار مەسجدی شاری کەلاتی نادری لە پارێزگای خۆراسانی رەزەوییە کە لە بواری زمان و فەرهەنگی و هونەری کوردی چالاکی دەکات و دانیشتووی مەشهەد و سەرقاڵی کرێکاری بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە