تاران/ بنەماڵەی ٩ پەناخوازی کورد لە پێش بینای باڵوێزخانەی تورکیا مانیان گرتووە

هەنگاو: دوای تێپەڕینی نزیک بە ٤ مانگ لە دیپۆرتی ٩ پەناخوازی خەڵکی شارەکانی پاوە و سەردەشت لەلایەن تورکیاوە بۆ سوریا، هێشتا چارەنووسیان نادیارە و لەو ماوەیەدا

٢٤ سەرماوەز ٢٧٢١، ١٠:٥٣

 

هەنگاو: دوای تێپەڕینی نزیک بە ٤ مانگ لە دیپۆرتی ٩ پەناخوازی خەڵکی شارەکانی پاوە و سەردەشت لەلایەن تورکیاوە بۆ سوریا، هێشتا چارەنووسیان نادیارە و لەو ماوەیەدا تەنیا یەک جار پەیوەندییەکی کورتیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بنەماڵەی ئەو ٩ پەناخوازە کوردەی کە نزیکەی ٤ مانگە لەلایەن تورکیاوە دیپۆرتی سوریا کراون، لە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەز (١٤ی دێسامبر) لە پیش بیانی باڵوێزخانەی تورکیا لە تاران مانیان گرتووە و داوا دەکەن کە تورکیا چارەنووسی ڕۆڵەکانیان ئاشکرا بکات.

بنەماڵەیی یەکێک لەو پەناخوازانە لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: “لە ڕۆژی ڕابردووە دەیان کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو ٩ پەناخوازە لە پێش باڵوێزخانەی تورکیا لە تاران مانمان گرتووە و هەتا ئێستا ئیزنیان نەداوە کە لەگەڵ بەرپرسانی باڵوێزخانە لەوبارەوە قسە بکەین”.

ئەم ٩  پەناخوازە کە خەڵکی شارەکانی پاوە و سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی شەمە ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢١ ( ٢١ی ئاگۆستی ٢٠٢١) لە کاتێکدا کە دەیانەویست خۆیان بگەیەنە سنوورەکانی ئەورووپا، لە دارستانێکی شارێکی سنوری ئیستانبووڵی وڵاتی تورکیا لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر و بۆ وڵاتی سووریا دیپۆرت کراون.

شوناسی ئەو ٩ کەسە برێتین لە بەهمەن شادرەوان، مەسعوود حەیدەری، سەعید ئەحمەدی، دەماوەند پاکسرشت، ئەفشار رۆستەمی، هیدایەت روخزادی، ئارمان رەشیدی، موبین وەلەدبەیگی و فەردین دەرویشپوور کە لە لایەن هێزەکانی تورکیەوە دیپۆرتی وڵاتی سووریا کراون و ئێستا لە کەمپی گرووپێکی ئیسلامی نزیک لە تورکیا ڕاگیراون.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەم ٩ پەناخوازە نزیکەی ٥٥ شەو بەر لەئێستا لە ڕێگای ڕێکخراوێکی مرۆڤدۆستانەوە پەیوەندییەکی کورتی ڤیدۆییان لەگەڵ بنەماڵەکان هەبووە. بە وتەی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو پەنابەرانە ئەو ٩ کەسە لە باری جەستەییەوە زۆر لاواز بوون و ڕیشیان هاتووە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی دڵنیگەرانی زیاتری بنەماڵەکانیان.

بنەماڵەی یەکێکی دیکە لەو پەناخوازانە لەمبارەوە بە هەنگاوی وت: “هێزەکانی نزیک لە تورکیا لە سوریا بە ئێمەیان وتووە کە ئەگەر تورکیا داوامان لێبکات دەستبەەجێ ئەم ٩ کەسە دەگەڕێنینەوە بۆ تورکیا، بەڵام تورکیا هەتا ئێستا ڕازی نەبووە کە ئەو ٩ پەناخوازە بگەڕێنەوە ناو خاکی تورکیا و هەر بۆیەش لە پێش باڵوێزخانەی تورکیا مانمان گرتووە”.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە