کەیوان مینویی مامۆستای زمانی کوردی بە بارمتە ئازاد کرا

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان دوای نزیکەی ٨٠ ڕۆژ بەندکران بە بارمتە ئازاد کرا.

١٠ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٦:٠٦

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی مەریوان دوای نزیکەی ٨٠ ڕۆژ بەندکران بە بارمتە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٣٠ی ژانویەی ٢٠٢٢)، کەیوان مینویی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێز و هەروەها مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی مەریوان، دوای نزیکەی ٨٠ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەیوان لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.

کەیوان مینویی دەرچووی بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی پەیامی نووری مەریوانە و هەروەها ئەندامی چالاکی ئەنجوومەنی فەرهەنگی ڤەژین و ئەنجوومەنی سەوزی چیای ئەو شارەیە.

جێگای ئاماژەیە کە کەیوان مینویی لە ئەنجوومەنە خوێندکارییەکانی زانکۆی پەیامی نوور و هەروەها ئەنجوومەنی ڤەژین سەرقاڵی گوتنەوەی وانەی زمانی کوردی بووە.

کەیوان مینویی خەڵکی شارەدێی «نێ» سەر بە مەریوان بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە هاوڕێ لەگەڵ پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە دەستبەسەر کرا.

جێگای ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی کەیوان مینویی دەستیان بە سەر ئامێری مۆبایل و باقی کەلوپەلە تاکەکەسییەکانیدا گرتبوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە