ئەرسەلان خودکام بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپێنراوە، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە.

١٣ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٠٩:٣٦

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپێنراوە، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢٧ نیمەڕۆی سێشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١ی فێوریەی ٢٠٢٢)، ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەهاباد دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بە بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی وت: «بەرپرسانی بەندیخانە ڕۆژی ڕابردوو بۆ ماوەی چەند کاتژمێر بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسییان لە چاوەڕوانیدا هێشتووەتەوە هەتا چاویان بە بەندکراوان بکەوێت و هەر بۆیەش ئەرسەلان خودکام (سوهرابی) ناڕەزایەتی دەربڕیوە و کە بۆ دەبێت بنەماڵەکان لەم سەرمایەدا ٢ کاتژمێر بمێننەوە و دواتر بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانە بێ ڕێزی پێکراوە و گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

ئەرسەلان خودکام تەمەن ٤٨ ساڵ، ڕۆژی دووشەممە ٣ی بانەمەڕی ٢٧١٨ (٢٣ی ئاپریلی ٢٠١٨) لە حاڵێکدا ئەندامی سوپای پاسداران بوو و بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکێکی ئەو ناوەندە ئەمنییە بەرەو شاری شنۆ ڕۆیشتبوو، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) دەستبەسەر کرا. ناوبراو مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵ (هاوینی ٢٠١٨) لەلایەن لقی ٣٢ی دادسەرای سەربازی ئورمیە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکرات حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێنرا و تا ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە ڕاگیراوە.

ناوبراو لە کاتی دادگایی کردندا مافی هەبوونی پارێزەری نەبووە و دادگا وەکیلی تەسخیری کە قازییەکی خانەنشینی دادسەرای سەربازی بووە بۆی داناوە.

بەهاری ئەمساڵ سزای سێدارەی ئەرسەلان خودکام بە پشتبەستن بە ماددەی ٢٠ی کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوون پلەیەک شکاوە و بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە و ئەم سزایە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ بە فەرمی بە ناوبراو ڕا گەیەنرا.

ئەرسەلان خودکام مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠) نامەیەکی ڕوو بە سەرۆکی دەزگای دادوەری نووسیبوو داوای دادگایی کرانی سەر لە نوێی خۆی بە شێوەی دادپەروەرانە و بەبێ هەبوونی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە پێشتر بۆ ماوەی یەک ساڵ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دواتر گەڕاوەتەوە ئێران و دەستبەسەر و بە هۆی ئەوەی سکاڵاکەری تایبەتی نەبووە و ئازاد کراوە.
ئەرسەلان خودکام (سوهرابی) دوای گەڕانەوەی بووەتە ئەندامی سوپای پاسداران و ماوەی ١٦ ساڵ واتە هەتا کاتی دەستبەسەرکران لەوێ چالاک بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە