خەبات دێهدار بەندکراوی سیاسی پێشوو دەستبەسەر کرا

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی سیاسی خەڵکی سنە کە پێشتریش بۆ ماوەی ٥ ساڵ بەند کرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

١٩ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٤:١٠

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی سیاسی خەڵکی سنە کە پێشتریش بۆ ماوەی ٥ ساڵ بەند کرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٨ی فێوریەی ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە، خەبات دێهدار، چالاکی سیاسی و بەندکراوی سیاسیی پێشوویان بە بێ نیشاندانی بەڵگەی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران، ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ خەبات دێهدار و هەروەها چارەنووسی لە بەر دەستدا نییە.

جێگای ئاماژەیە کە خەبات دێهدار ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گرووپی شاخەوانیی «چل چەمە» ی شاری سنەیە.

خەبات دێهدار ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (١٢ی ئاوریلی ٢٠٢٠) دوای تێپەڕاندنی سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.

ناوبراو ١١ ساڵ پێش لەلایەن لقی ١٠٤ی دادگای گشتی شاری سنەوە بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە کۆمەڵە» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بۆ ماوەی ٥ ساڵ بە سەردا سەپابوو.

خەبات دێهدار ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕەشەممە ٢٧١٥ (١ی مارسی ٢٠١٦) هاوکات لەگەڵ دوایین ڕۆژی سزای بەندکرانی هەڵپەسێردراوەکەی، دەستبەسەر و لە دۆسیەکەی دیکەدا بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سزای ٣ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا و بەپێی بڕیارەکە دەبوو ٥ ساڵ بەندکرانەکەی پێشووشی بچێتە بەندیخانەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە