سۆران شەریفی بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کە خەڵکی بۆکان کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، بە مەبەست

٢١ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٠٩:١٠

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کە خەڵکی بۆکان کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٩ی فێوریەی ٢٠٢٢)، سۆران شەریفی، چالاکی خەڵکی بۆکان دوای سەردانی جێبەجێ کرانی سزاکانی ئەو شارە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای پێنج ساڵ بەندکرانەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان کرا.

سۆران شەریفی هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کۆتایی هاوینی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر پەیمان ڕوستەمی سەرجەم سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و ڕۆژی شەممە ٢٠ی خەرمانان (١١ی سێپتەمبەر) ئەو سزایە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

بە پێی ئەم سزایە، سۆران شەریفی بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» سزای ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی جێبەجێ دەکرێت.

هەنگاو پێشتر ڕای گەیاندبوو کە دادگا بڕیاری داخستنی دەرمانخانەی «حەکیم» ی کە لەلایەن ناوبراوەوە بەڕێوە دەچێت بۆ ماوەی دوو ساڵ دەرکردووە.

سۆران شەریفی ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (٢٤ی مەی ٢٠٢١) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر و دوای یەک مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی سۆران شەریفی ماڵەکەشیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر مۆبایل، کۆمپیوتەر و کتێبەکانیدا گرتووە.

سۆران شەریفی لەو ماوەی کە دەستبەسەر کرابوو لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە