ساکار عەینی لە دەستبەسەر کراوانی زستانی ڕابردوو بە بارمتەی دوو ملیاردی ئازاد کرا

هەنگاو: یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی زستانی ڕابردووی کوردستان دوای ١٣ مانگ ناڕوونی چارەنووس

٢٢ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٠٩:٣٦

 

هەنگاو: یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی زستانی ڕابردووی کوردستان دوای ١٣ مانگ ناڕوونی چارەنووس، بە بارمتەیەکی زۆر لە بەندیخانەی ئورمیە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٢١ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١٠ی فێوریەی ٢٠٢٢)، ساکار عەینی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد دوای ١٣ مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی دوو ملیاردی تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا تەواوبوونی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی، ئازاد کرا.

ساکار عەینی دەرچووی بەشی بیناسازی زانکۆی ئورمیە ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٠ (٩ی ژانویەی ٢٠٢١) هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە تاران دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گوازرایەوە.

ئەم چالاکە کوردە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە تۆمەتی «بەغی» خراوەتە پاڵی و دۆسیەکەی لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی کەوتووەتە گڕ و هێشتا بەردەوامە.

زستانی ڕابردوو لانی کەم ١١٥ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و لە ماوەی کەمتر لە ٤٠ ڕۆژدا دەستبەسەر کران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە