بەندیخانەی کرماشان/ سوهەیلا حیجاب تووشی پەتای کۆرۆنا بووە

هەنگاو: سوهەیلا حیجاب بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەیەک پێش لە بەندیخانەی سنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان گوازرابوویەوە.، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە.

٢٣ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٧:٥٤

 

هەنگاو: سوهەیلا حیجاب بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەیەک پێش لە بەندیخانەی سنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان گوازرابوویەوە.، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و بەندکراوی سیاسی خەڵکی کرماشان لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زیاتر لە ١٠ بەندکراوی دیکەی بەندی ژنانی بەندیخانەی دێزڵ ئاوا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لە هەر چەشنە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی بێبەشن.

ڕۆژی هەینی ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٧ی ژانویەی ٢٠٢٢)، سوهەیلا حیجاب لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنەوە بۆ کرماشان گوازراوەتەوە و پاش یەک حەوتوو ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی ئێستا براوەتە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی کرماشان و لەوێ ڕاگیراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر (١٦ی نۆڤەمبری ٢٠٢١) لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامینەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە گوازرابوویەوە. هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەی قەرچەک ئەو کات ناوبراویان دابووە بەر لێدان و کوتان و بە زۆر گواستبوویانەوە.

سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٣ی مەی ٢٠٢٠)، دوای ئەوەی بانگ کرا بۆ لقی ٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران و دوابەدوای دانیشتنی دادگا کە پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی دادگای بەرایی لێکەوتەوە، لە کاتی بەجێ هێشتنی بینای دادگا لەلایەن هێزەکانی بنکەی ساروڵڵای سوپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٨ی مارسی ٢٠٢٠)، سوهەیلا حیجاب، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە بە چەندین تۆمەت وەکوو پڕوپاگەندە دژی نیزام، گردبوونەوەی نایاسایی تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان «و» داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئێران «سەرجەم سزای ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.

بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زیاترین حوکمی سوهەیلا حیجاب کە پێنج ساڵ بەندکرانە و ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت کە بە تۆمەتی گردبوونەوەی نایاسایی بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە و دەبێت ئەو پێنج ساڵە لە بەندیخانە بێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە