بەندکراوێک بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە بەندیخانەی ئیلام گیانی لە دەست دا

هەنگاو: بەندکراوێک کە بە هۆی کێشەی ماڵییەوە لە بەندیخانەی ئیلام بەند کرابوو، بە هۆی بێبەشبوون لە خزمەتگوزاریی دەرمانی گیانی لەدەست دا.

٢٣ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٢١:٤٠

 

هەنگاو: بەندکراوێک کە بە هۆی کێشەی ماڵییەوە لە بەندیخانەی ئیلام بەند کرابوو، بە هۆی بێبەشبوون لە خزمەتگوزاریی دەرمانی گیانی لەدەست دا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١١ی فێبریوری ٢٠٢٢) بەندکراوێکی بە ناوی ئیبراهیم جەوهەری تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی ئیلام، بە هۆی بێ بەشبوونی لە خزمەتگوزاریی دەرمانی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیبراهیم جەوهەری کاتژمێر ٢ی سەرلەبەیانی دوای ئەوەی باری جەستەیی و سڵامەتی تێکدەچێت دەگوازرێتەوە بۆ بێهداری بەندیخانە، بەڵام بێ ئەوەی هیچ هەوڵێک بۆ باشتربوونی بدرێت بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانە دەگوازرێتەوە ئەو بەندەی کە تێیدا ڕاگیرابوو واتە «سڵامەت» بەندیخانە و دوای دوو کاتژمێر باری تەندروستی ناوبراو دیسان تێک دەچێت و ئەمجارە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە دەگوازرێتەوە پێش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دەدا.

شایانی باسە تەرمی ئیبراهیم جەوهەری ڕۆژی شەممە لە گۆڕستانی «بەهەشتی ڕەزا» لە شاری ئیلام بە خاک سپێردراوە.

ئیبراهیم جەوهەری سی ساڵ پێش بە هۆی ئەوەی توانایی نەبووە بڕی مارەیی ژنەکەی بدات، دەستبەسەر و لەو کاتەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگیرابوو.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا لانی کەم ١٧ بەندکراوی کورد گیانیان لە دەست داوە کە ٤ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە