سەربازێکی کورد لە تاران دەستبەسەر کرا

هەنگاو: سەربازێکی خەڵکی شنۆ لە کاتی ئەنجامی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی لەلایەن هێزەکانی پاراستنی زانیاری ئەرتەشی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

٢٥ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٣:٢٧

 

هەنگاو: سەربازێکی خەڵکی شنۆ لە کاتی ئەنجامی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی لەلایەن هێزەکانی پاراستنی زانیاری ئەرتەشی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٩ی فێوریەی ٢٠٢٢)، هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بە ناوی محەممەد سدیق عەزیزی ١٩ ساڵە لە کاتی ئەنجامی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی لە یەکێک لە بنکەکانی ئەرتەش لەلایەن هێزەکانی پاراستنی زانیاری ئەرتەش دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەزیزی، محەممەد سدیق عەزیزی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی گەلاوێژ لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و وتوویە: «بە هۆی چوونە دەرەوەی باوکم لە وڵات و هەروەها ئەندامەتی خوشکەکەم لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت بڕیاری دوو مانگ دەستبەسەرکرانی کاتی دەرچووە بۆم و هەر بەو هۆیەشەوە دەستبەسەر کراوم».

لوقمان عەزیزی باوکی محەممەد سدیق و بەندکراوی سیاسی پێشوو، مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکانی ئێران ناچار بوو زێدەکەی بەجێ بهێڵێت و ئێستا دانیشتووی یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپایە.

ناوبراو ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ١٦ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٥ ساڵ بەندکران و ٨ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێرراو کەم کرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە