گوشاری ئیتلاعاتی سوپا بۆ سەر بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی لە شنۆ

هەنگاو: لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شنۆ گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی کورد و هەوڵیان داوە کە ها

٢٦ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٧:١٩

 

هەنگاو: لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شنۆ گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی کورد و هەوڵیان داوە کە هاوژینەکەی و منداڵە ٩ ساڵانەکەی دەستبەسەر بکەن کە خەڵک ئیزنیان نەداوە ئەوان دەستبەسەر بکرێن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١٤ی فێوریەی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای شنۆ هەلیان کوتاوەتە سەر ماڵی لوقمان عەزیزی، چالاکی سیاسی و بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد و هەوڵیان داوە کە لەیلا نەڵیوانی هاوژین و ژیار عەزیزی تەمەن ٩ ساڵ منداڵی ناوبراو دەستبەسەر بکەن کە خەڵکی شنۆ ئیزنیان نەداوە ئەوان دەستبەسەر بکرێن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بە چەند ئۆتۆمبێلی پڕ لە هێز بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری هەڵیان کوتاووتە سەر ماڵی لوقمان عەزیزی و دەستیان کردووە بە ئەزیەت و ئازاری ژن و منداڵەکەی.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندان (٩ی فێوریە)، محەممەد سدیق عەزیزی تەمەن ١٩ ساڵ و کوڕی لوقمان لە کاتی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی لەلایەن هێزەکانی پاراستنی زانیاری ئەرتەش لە پادگانی قووچەکی تاران دەستبەسەر کراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە محەممەد سدیق عەزیزی لەژێر گوشاری هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر کراوە و شەوی ڕابردوو ئەرتەش ناوبراویان ڕادەستی سوپا کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

محەممەد سدیق عەزیزی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی گەلاوێژ لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و وتوویە: «بە هۆی چوونە دەرەوەی باوکم لە وڵات و هەروەها ئەندامەتی خوشکەکەم لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت بڕیاری دوو مانگ دەستبەسەرکرانی کاتی دەرچووە بۆم و هەر بەو هۆیەشەوە دەستبەسەر کراوم».

لوقمان عەزیزی باوکی محەممەد سدیق و بەندکراوی سیاسی پێشوو، مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکانی ئێران ناچار بوو زێدەکەی بەجێ بهێڵێت و ئێستا دانیشتووی یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپایە.

ناوبراو ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ١٦ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٥ ساڵ بەندکران و ٨ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێرراو کەم کرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە