لە ئازادی مەرجداری ئەمین مەلەکی بەندکراوی سیاسی کورد ڕێگری کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەقز کە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ئەو شارە تێپەڕ دەکات لە مافی مرەخەسی بێبەش.

٨ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٥:٣٤

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەقز کە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ئەو شارە تێپەڕ دەکات لە مافی مرەخەسی بێبەش کراوە و ڕێگری دەکرێت لە ئازادی مەرجداری ئەو بەندکراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمین مەلەکی بەندکراوی سیاسی تەمەن ٥٧ ساڵی خەڵکی سەقز، کە ئێستا سەرقاڵی تێپەڕاندنی سزای ٣٤ مانگ بەندکرانەکەیە لە بەندیخانەی ئەو شارە، هەتا ئێستا دوو جار داوای ئازادی مەرجداری کردووە و لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە ئەو داوایە ڕەدکراوەتەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسیە سەرباری ئەوە بەتەمەنە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە هەبوونی مافی مرەخەسیش بێبەش کراوە.

ئەمین مەلەکی خەڵکی گوندی» ئێرانشا» سەر بە شاری سەقز ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (١٨ی مارسی ٢٠٢٢) لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) «سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و هەر ئەو ڕۆژە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەمین مەلەکی ساڵی ٢٧١٢ (٢٠١٢) لەلایەن دادگای سەقز بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حدک سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و دوای یەک ساڵ بەندکران کاتێک چووبووە مرەخەسی، ئێرانی بە جێ هێشتبوو .

دوای ئەوەی کە دادگا لەگەڵ داوای تێهەڵکێش کردنی ئەم دوو سزایە ڕەزامەندی نیشان دا، سزای ناوبراو بۆ دوو ساڵ ٢ ١٠ مانگ بەندکران گۆڕا و بەو پێیە ٧ مانگی دیکە سزاکەی تەواو دەبێت و لە بەندیخانە ئازاد دەکرێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە